محاویلەکانی بەردەڕەش بەشیان هەر دزینە

964+

محاویلەکەم لەحیم کردبوو بۆیە نەیانتوانی بیدزن

عەمار عەزیز و زەید کۆچەر – بەردەڕەش

چەند کەسێک لە ناحیەی رۆڤیا لە سنوری قەزای بەردەڕەش لە شەودا دوو محاویلە و برێکی زۆر لە کێبڵی کارەباییان دزی، باخدار و دانیشتووانی سنورەکەش دەڵێن خەریکە ئەو جۆرە دزییە دەبێتە دیاردە.

دزییەکە شەوی رابردوو ١٣ـی کانونی یەکەم، لە گوندی پیرچاوش لە نزیک ماڵی هاوڵاتی فەلاح حەسەن کراوە، ئەو بە 964+ی وت، جگە لە محاویلەکان، بایی ١٥٠٠ دۆلار کێبڵ لە باخەکەی ئەویش دزراوە.

“شەوی رابردوو گروپێک هەڵساون بە دزینی کێبڵی بیری ئیرتیوازی من، هەموو کێبڵەکەیان لێکردووەتەوە، تەنها کێبڵەکە بایی ١٥٠٠ دۆلار بوو، ئینجا هەوڵیان داوە محاویلەکەش بدزن، بەڵام لەحیمم کردبوو نەیان توانیوە لێیبکەنەوە، دواتر هەڵساون بەدزینی دوو محاویلەی داروسێکەی من کە تەنها چەند سەت مەترێک لە بیرەکەی منەوە دوورە”، فەلاح حەسەن، دانیشتووی گوندی پیرچاوش وای وت.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە 964+ی راگەیاند، “دزینی محاویلە و کێبڵی کارەبا لە سنوری قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان بەردەوامە و چەند جارێک لەو قەزایانە دووبارە بووتەوە، بەتایبەت لەسنوری قەزای بەردەڕەش.”

بە وتەی هێمن سلێمانی، چەند کەسێک لەسەر دزینی محاویلە و کێبڵی کارەبا دەستگیرکراون، بەرێوەبەری ناحیەی روڤیاش دەڵێت، دۆسیەی ئەم بابەتە لەلای پولیس و ئاسایشە، ئێمە ناتوانین هیچ شتێک لەسەر ئەم پرسە بۆ راگەیاندن ئاشکرا بکەین.

نورەدین تاریق، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی پیرچاوشە، پێش چوار مانگ محاویلەی بیری ئیرتیوازی باخچەکەی ئەویش دزراوە، ئەو دەڵێت دزینی محاویلە وکێبڵی کارەبا خەریکە لەحاڵەتەوە دبێتە دیارە.

“زیاتر لە ١٠ جار محاویلە و کێبڵی کارەبا دزراوە، پێش چوار مانگ محاویلەی بیری ئیرتیوازی باخچەکەمان دزرا کە نرخەکەی سەرووی سێ هەزار دولار بوو، ناچاربووین یەکێکی دیکەمان کڕی،” نورەدین تاریق بە 964+ی وت.

نورەدین تاریق وتیشی،  لە بنکەی پولیسی ناحیەی روڤیا سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە و قەرەبووش نەکراونەتەوە.

گوندی پیرچاوش نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی رۆڤیا دوورە و سەر بە قەزای بەردەڕەشە.