نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەستگیرکرا

964+
ژووری هەواڵ

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی رەئوف نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیرکراوە، بە قسەی کەسانی نزیک لە خۆی.

پەیجی فەرمی عەلی رەئوف لە فەیسبووک ئەمەی داناوە و وشەی “رفاندن”ـی بەکارهێناوە، لە پۆستێکی دیکەشدا داوای ئازادکردنی دەکات.

سکرینشۆتی پۆستەکانی پەیجی عەلی رەئوف لە فەیسبووک

سکرینشۆتی پۆستەکانی پەیجی عەلی رەئوف لە فەیسبووک

964 پەیوەندی بە عەلی رەئوف خۆی کرد، تەلەفۆنەکەی زەنگی لێدا بەڵام وەڵامی نەبوو.

پەیامنێری 964 لەوکاتەدا لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران بووە، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە زیاتر لە سێ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لەو دەوروبەرە بوون، بەڵام دەستگیرکردنی نوێنەرەکەی وانەبێژانی نەبینیوە.

964 پەیوەندی بە پارێزگار و وتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، وەڵامیان نەدایەوە.

گردبوونەوەی ناڕەزایی دەکەین

سێ رۆژ لەمەوبەر، عه‌لى ره‌ئوف به‌ 964ـى وت، رۆژی یەکشەممە، 20.8.2023، مامۆستایانی وانه‌بێژی سنووری دهۆك و هه‌ولێر ده‌چنه‌وه‌ ‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

داواکاری ئەوان بۆ دامەزراندنیانە بە شێوەی هەمیشەیی.

964 دەزانێت، ژمارەی وانەبێژان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاترە لە 35 هەزار مامۆستا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 ساڵە دامەزراندنی بەشێوەیەکی گشتی وەستاندووە و لەجیاتیدا، زۆربەی جارەکان، بە گرێبەست کارمەندی نوێ بۆ فەرمانگەکانی وەردەگرێت.