کۆلێژەکەی دوزخورماتوو زەوی دەستناکەوێ دوو بەشی تر بکاتەوە

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

کۆلێژی پەروەردەی دوزخورماتوو بەنیازە دوو بەشی تر بکاتەوە، بەڵام داوای لێدەکرێت 450 ملیۆن دینار بدات بە وەزارەتی شارەوانی عێراق.

بیرکاریی و بایۆلۆجی ئەو دوو بەشەن بەنیازە بیانکاتەوە.

کۆلێژەکە داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کردووە ئەو بڕە پارەیە بدات بە وەزارەتی شارەوانی، بەڵام رەتیکردووەتەوە.

لەوبارەیەوە، دکتۆر سیروان جەبار، جێگری راگری كۆلێژی پەروەردەی دوزخورماتوو بە 964+ی وت، وەزارەتی خوێندنی باڵا رەزامەندیی داوە لەسەر کردنەوەی بەشە نوێیەکان، بەڵام پێویستە ئەو زەوییەی بەشەکانی لەسەر دەکرێتەوە موڵکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت، “ئەوەی ئێمە دیاریمانکردووە سەر بە شارەوانییە و 20 دۆنمە”.

كۆلێژی پەروەردەی دوزخورماتوو سەر بە زانكۆی تكریتە و زیاتر لە هەزار خوێندکار لەخۆدەگرێت.

بە قسەی خۆیان، بەرپرسانی کۆلێژەکە دەیان جار داوایان ئاراستەی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و دارایی عێراق کردووە تاوەکو چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە بۆ کڕینی زەوییەکە، بەڵام سەری نەگرتووە.

دکتۆر سیروان جەبار دەڵێت، لەم کۆتاییەدا، وەزارەتی شارەوانی پێی راگەیاندوون، کە مامەڵەکردن بەو زەوییانە لەژێر دەسەڵاتی پارێزگاری تکریتە، ئەمانیش داوایان کردووە لە رەمەزان شکور، کە نوێنەرێکی کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی قسەبکات لەگەڵ پارێزگاری تکریت لەسەر بابەتەکە.