لە سلێمانی رێگریی لە قۆرخکردنی هێلکە دەکرێت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ رێگریکردن لە بەرز و نزمیی نرخی هێلکە رێگری لە قۆرخکردنی هێلکە دەکرێت لە پارێزگای سلێمانی. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی پارێزگاکە دەڵێت، سزای هەرکەس دەدەن ئەو کارە بکات.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵی سلێمانی، کە بە +964 دراوە، 11 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە پارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە، رۆژانە نزیکەی شەش هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەمدەهێنن و پێداویستیی پارێزگاکەش نزیکەی دوو هەزار و 500 کارتۆن هێلکەیە.
نرخی کارتۆنێک هێلکە لە پارێزگای سلێمانی لەنێوان 60 بۆ نزیکی 70 هەزار دینار بەرز و نزم دەکات.
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵی سلێمانی بە +964ـی وت، “هەندێ کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکە بازاڕیان قۆرخ کردبوو و یارییان بە نرخی هێلکە دەکرد، ئەوەشمان نەهێشتووە و هەرکەس ئەوە بکات کارگەکەی دادەخرێت.”
دەشڵێت، لیژنەیەکیان دروستکردووە تا بەشێوەیەکی یەکسان و گونجاو هێلکە لە بازاڕەکاندا دابەش بکرێت و نرخەکەی بەرز و نزمیی زۆر نەکات.