لە سیدەکان

شایەتحاڵ: لە ماڵەکەی سیدەکاندا سێ چەکداری پەکەکە کوژراون

964+
ئاسۆ فەیسەڵ

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دەنگۆ بڵاوکرایەوە بە بۆردومانی فڕۆکەی جەنگی چوار کەس لە گوندی مێرگەمیر لە دەڤەری برادۆست لەناو ماڵێکدا کوژراون، 964 لەگەڵ شایەتحاڵێک قسەی کرد، ئەو وتی کوژراوەکان سێ کەسن، هەموویان چەکداری پەکەکەن.

سەرەتا دەنگۆکە وا بڵاوکرایەوە کە هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومانەکەوە کوژرابێتن، بەڵام ئەو شایەتحاڵە کە خزمی نزیکی خاوەن ماڵە بۆردومانکراوەکەیە دەڵێت، هەموو بەرکەوتووەکان چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن.

دەشڵێت، جگە لە سێ کوژراو، چەکدارێکی دیکەی پەکەکە بە سەختی بریندار بووە.

شایەتحاڵەکە هۆکاری بۆردومانکردنی ئەو ماڵەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە چەکدارەکانی پەکەکە کاتێک زانیویانە بۆردومان دەکرێن خۆیان کردووە بە ماڵەکەدا.

ماڵەکە هی شوانکارە کۆچەرییەکانە

964 تێگەیشتووە، لەوکاتەدا ماڵەکە کەسی تیادا نەبووە، لەو ماڵانەیە کۆچەرییەکان دروستی دەکەن بە مەبەستی مانەوە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە ناوچە کوێستانییەکان.

هەر لە کاتی دەنگۆکە، کاروان فەیسەڵ بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی سیدەکان بە 964ـی وت، هیچ کەسێک بە کوژراوی یان بە برینداری نەگەیەندراوەتە بنکەکەیان، هەروەها شەماڵ دێوالی وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە 964ـی وت، “هیچم نەبیستووە، رەنگە تازە روویدابێت، بەدواداچوونی بۆ دەکەین”.

ئەمە یەکەم هێرشی ئەمڕۆ نەبوو

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، لە دەڤەری سیدەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنی تورکی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی بە ئامانجگرتووە و بەهۆیەوە سیانی لێکوشتوون.

ئەم زانیارییانە بە مانای ئەوە دێت کە بە تەنیا ئەمڕۆ، شەش چەکداری پەکەکە کوژراون و یەکێکیش بە سەختی بریندارکراوە.