لە کۆی 90 هەزار خێزان

تا ئێستا نزیکەی 20%ـی خێزانە ئێزیدیەکان گەڕاونەتەوە شنگال

964+
ژووری هەواڵ

لە پاش ئەوەی نۆ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی داعشەوە ئاوارە بوون، تا ئێستا تەنیا نزیکەی 20%ـی خێزانە ئێزیدیەکانی شنگال گەڕانەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە 2014 کە داعش هات، نزیکەی 90 هەزار خێزان ئەو دەڤەرەیان بەجێهێشت و لە ترسی گیانی خۆیان هەڵهاتن.

ئەم داتایانە عەلی عەباس بە 964ـی دا، کە وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە.

ئەو وتی، “بەپێی ئەو داتایەی ئێمە هەمانە، تەنیا 20% بۆ 25%ـی خێزانە ئێزیدیەکانی شنگال گەڕانەتەوە، ئەوانەی تر یان لە کەمپ و ناو شارەکانی هەرێمی کوردستانن، یان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات”.

ماوەیەک لەمەوبەر رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکان وەستاند، ئێستا هەرچیان بۆ بکرێت لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمەوەیە.

عەلی عەباس باسی لەوە کرد، ئەوان ناتوانن زۆر لە ئاوارەکان بکەن بگەڕێنەوە شوێنی پێشتریان.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کۆچی عێراقی، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان 928 هەزار و 649 کەسە، لەو ژمارەیە 664 هەزار و 224یان ئاوارەن و 264 هەزار و 425 کەسیان پەنابەرن، زۆرینەی پەنابەران سووریایین. زۆرینەی ئاوارە و پەنابەران لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

لە هەرێمی کوردستان 26 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن، 16یان لە دهۆک، شەشیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانین.